پێنج ساڵ هاوبەشی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان
ھەرێمی کوردستان وڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ویەکێتی ئەوروپا پێنج ساڵە چاکسازی ئەنجامدەدەن وئەولەویەتەکان بۆ قۆناغی داھاتوو دیاریدەکەن
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦
هەولێر، هەواڵی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار - حکومەتی هەرێمی کوردستان وڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ویەکێتی ئەوروپا لە بۆنەیەکدا لە شاری هەولێر پێنج ساڵەی هاوبەشی نێوانیان لە سیستەمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەرز ڕاگرت، لەماوەی ئەو ماوەیەدا ڕێژەی ئەو کرێکارانەی کە بەپێی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی
هەرێم تۆمارکراون زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە.
ئەم چالاکییە بە هاوبەشی لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ووەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەرنامەی هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا ونەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراق بەڕێوەچوو، کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پشتگیری دارایی دەکرێت ولەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، یونیسێف وبەرنامەی خۆراکی جیهانییەوە ئەنجامدەدرێت.
لە میانەی چالاکییەکەدا، خاتوو کوێستان محەمەد، وەزیری کار وکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ڕێکخراوی کار وهاوبەشەکانی کرد، وئاماژەی بە پێشکەوتن لە بواری دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، خانەنشینی کەرتی تایبەت وبارودۆخی کارکردن، وهەروەها بەرزبوونەوەی کەمترین ئاستی مووچەی هەرێم لە 275 هەزارەوە بۆ 450 هەزار دینار کرد.
لە وتارەکەیدا هەروەها وتی: "ئەم پێنج ساڵ هاوبەشییە، ئاستی دەستەبەری کۆمەڵایەتی وخزمەتگوزارییەکانی بۆ کرێکاران بەرەو پێشەوە بردووە، سوپاسی ڕێکخراوی کاری
نێودەوڵەتی وهاوبەشەکان دەکەم کە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکەن. هیوادارم لەمەودوا ببینم کە پڕۆسەی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کرێکاران لە خزمەتگوزاری باشتر سوودمەندبن".
یاسای هەرێمی کوردستان زیاتر لە 434،000 فەرمانبەری کەرتی تایبەت دەگرێتەوە، وەک بۆ یەکەمجار لە ڕاپرسی هێزی کاری عێراقی لە ساڵی 2021 دەرکەوتووە. ئاستی تۆمارکراو لە 20٪ لە ساڵی 2021 بۆ سەرووی 40٪ لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە. ڕووماڵکردن بۆ ژنان نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە، لە نزیکەی 13٪ بۆ نزیکەی 23٪ لە تۆمارکراوەکانی ئەم دواییەدا.
نۆزدە پڕۆسەی کارگێڕی لە بەڕێوبەرایەتی هەولێر داڕێژراونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو وکارئاسانی بۆ خاوەنکاران: بەڵگەنامەیەک کە پێشتر ڕۆژێک تا مانگێکی دەویست ئێستا لە ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا ڕایی دەکرێت. هەروەها وەزارەت، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پلاتفۆرمی هەلی کار وسیستەمی سکاڵای پێشکەش کرد کە هەموویان وەک پڕۆژەی ئەزموونی لەئێستادا بەردەستن وکاردەکەن. لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کرێکاران باشتر دەکرێن. لە ساڵی 2024ەوە گروپێکی کاری تەکنیکی سێ لایەنە کە وەزارەت سەرپەرەشتی دەکات بەرنامەی چاکسازیی داناوە، شەش جار لەگەڵ یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی وپیشەسازی
هەرێمی کوردستان ویەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان کۆبوونەتەوە وستراتیژی بەربڵاوکردن وبەفەرمیکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە.
ویم ڕیپما، بەرپرسی هاوکاریکردن لە شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ عێراق ڕایگەیاند کە یەکێتی ئەوروپا وەبەرهێنانی لە بەدامەزراوەییکردندا کردووە نەک پاڵپشتییەکی کاتی، بۆ ئەوەی لە درێژخایەندا وەک خزمەتگوزارێکی گشتی لە هەرێم بمێنێتەوە. هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەهێزکردنی بەردەوامیی لایەنی دارایی وکارگێڕی سیستەمەکە، وگەیاندنی یارمەتیدەری کورتخایەنی زیاتر بۆ کرێکاران لە ئەگەری رووداوەکانی کار وەک برینداربوون، نەخۆشی ومنداڵبوون.
کلێر کۆرتێل-مۆڵدەر، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی، ئۆفیسی هەرێمایەتی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی عەرەبی، ستایشی پابەندبوونی بەردەوامی هەرێمی کوردستانی کرد، کە لە بەرزبوونەوەی ئاستی تۆمارکراوەکاندا دیارە، وسوپاسی یەکێتی ئەورووپا کرد بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانیان، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان یاسایەکی نوێ ئامادەدەکات کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ژمارە 102ی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لەپێناو هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ یاسای فیدراڵی ژمارە 18ی ساڵی 2023. عێراق لە مانگی ئازاری 2023دا ڕێککەوتننامەکەی پەسەندکرد بە هەر نۆ لقەکەیەوە کە کەم دەوڵەت بەمشێوە ئەرێنییە پەسەندی دەکەن.
هەر کرێکارێکی تۆمارکراو بەرپرسیارێتێکی درێژخایەن دەخاتە سەر شانی هەرێم، کە 20 بۆ 50 ساڵ دەخایەنێت وزۆرجار لەو زیاتریشە. سێ هەنگاوی داهاتووش بەم شێوەیە
دیاریکراون: بەهادان بە سەلامەتی سیستەم لە کۆی گشتی پلانەکەدا، لقی نەخۆشی ومنداڵبوون کە خرایە خزمەتەوە، وبەرزکردنەوەی توانا لە نێوان هاوبەشە سێ لایەنەکان.