News
ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی "بەکارخستن" و پەیوەندییەکانی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا.
زنجیرە ڕاهێنانێک توانای فەرمانگەکانی بەکارخستنی گشتی و سەنتەرەکانی گەشەپێدانی پیشەیی بەرز دەکاتەوە، بۆ باشترکردنی گونجاندنی کار و پاڵپشتیکردنی هێزی کار.
٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥
سلێمانی(هەواڵەکانی ILO) – ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) کۆتایی بە دوایین قۆناغی بەرنامەیەکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو هێنا. ئامانجی ئەم بەرنامەیە بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی "بەکارخستنی گشتی" (PES)و باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ خاوەنکاران و پەرەپێدانی پڕۆسەی ناوبژیوانی لە بازاڕی کاردا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بوو.
وۆرکشۆپی دووەم و کۆتاییی ئەم بەرنامەیە، زیاتر لە ٤٥ بەشداربووی کۆکردەوە، کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکارانی بەکارخستن لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی (لە هەرێم و نەینەوا)، تیمەکانی سەنتەرەکانی گەشەپێدانی پیشەیی (CDC)ی زانکۆکان، و نوێنەرانی خاوەنکاران لە ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی.
ئەم بەرنامەیە بەشێکە لە هەوڵە فراوانەکانی ILO بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەکارخستن و باشترکردنی بەڕێوەبردنی بازاڕی کار. هەروەها ئامادەکردنی فەرمانگەکانی بەکارخستن (PES) و سەنتەرەکانی زانکۆ (CDC)ـە تاوەکو ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە جێبەجێکردنی سیاسەتە نیشتمانییەکانی بەکارخستن و پاڵپشتیکردنی کارخوازان و خاوەنکاران و دەرچووانی زانکۆ.
د. خالید ئەلسایگ، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند:
"لە کاتێکدا ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی چەندین چوارچێوەی سیاسەتی نیشتمانی، لەوانەش "ستراتیژیی بەکارخستنی عێراق" کە بڕیارە بەمزووانە ڕابگەیەنرێت، ئەم هەوڵانە یارمەتیدەرن بۆ بنیادنانی دامەزراوەی بەهێزتر کە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بەکارخستنی کوالێتی بەرزیان هەبێت و لەگەڵ کارە لەپێشینە نیشتمانییەکاندا بگونجێن".
لە ڕاهێنانەکەدا ئامرازی پێشکەوتوو خرانەڕوو بۆ بەهێزکردنی فەرمانگەکانی PES و CDC، بە مەبەستی باشترکردنی پڕۆسەی دامەزراندن و بەشداریکردنی خاوەنکاران و هەماهەنگی و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان. هەروەها تیشک خرایە سەر چۆنیەتیی گەیشتن بە زۆرترین کارخواز و گونجاندن لەگەڵ واقیعی بازاڕی کار، بەتایبەت ئەو بەشەی پێی دەوترێت "بازاڕی کاری شاراوە".
لای خۆیانەوە خاوەنکاران تێڕوانینی خۆیان دەربارەی ئاڵنگارییەکانی دامەزراندن و کەموکوڕییەکان لەروی کارامەییەکان و پێداویستییەکانی بازاڕ خستەڕوو. ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ هاوکاریی تۆکمە لە نێوان فەرمانگەکانی بەکارخستن و سەنتەرەکانی زانکۆ و کەرتی تایبەتدا.
مەریوان بەگۆک، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وتی: "بنیادنانی تواناکانی خزمەتگوزاریی بەکارخستنی گشتی و سەنتەرەکانی گەشەپێدانی پیشەیی لە زانکۆکان، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ باشترکردنی کواڵێتیی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە کارخوازان و خاوەنکاران دەکرێن، هەروەها بۆ ئامادەکردنی دامەزراوەکانمان تا بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر ستراتیژییەکانی بەکارخستن لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن."
لە بەشی دووەمی ڕاهێنانەکەدا، بەشداربووان ئاشنا کران بە ڕێبەری ILO بە ناوی "چۆن پاڵپشتی خاوەنکار بکەین؟"ئەم ڕێبەرە جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان خزمەتگوزارییەکانی بەکارخستن و خاوەنکاران دەکاتەوە بۆ باشترکردنی پرۆسەی گونجاندنی کار و گەشەپێدانی هێزی کار، و ئامرازی کردەیی دەخاتە بەردەستی کارمەندان بۆ دروستکردنی هاوبەشێتی بەردەوام لەگەڵ بزنسەکاندا.
ئەم ڕاهێنانە تەواوکەری دانیشتنێکی سەرەتایی بوو کە لە سەرەتای تشرینی دووەم لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە پشتی بە ڕێبەری " چۆن هاوکاری کەسێک دەکەیت کەبەدوای کاردا دەگەڕێت (کارخواز)؟" بەستبوو. لەوێدا جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕاوێژکارانی بەکارخستن کرایەوە لە یارمەتیدانی کارخوازان—بەتایبەت توێژە دۆخ ناسکەکان—بۆ گواستنەوە بەرەو ژیانێکی پیشەیی. ڕێبەرەکە کارامەییە سەرەکییەکانی شیکردنەوەی بازاڕی کارو شارەزایی یاسایی و تەکنیکەکانی ڕێنمایی پیشەیی لەخۆ دەگرێت.
ئیگۆر بۆسک، ڕێکخەری ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) لە عێراق وتی:
"خزمەتگوزاریی بەکارخستنی سەردەمیانە و کارا، بنچینەی باشترکردنی پڕۆسەی ناوبژیوانی لە بازاڕی کار و فراوانکردنی دەرفەتی گەیشتن بە کاری شایستەیە. هاوکات، بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان فەرمانگەکانی بەکارخستنی گشتی و سەنتەرەکانی گەشەپێدانی پیشەیی و خاوەنکاران، کلیلی سەرەکییە بۆ بنیادنانی سیستەمێکی بەکارخستن کە هەم گشتگیر بێت و هەم وەڵامدەرەوە، تا بتوانێت لە سەرتاسەری عێراقدا پاڵپشتیی گەنجان، ژنان و توێژە دۆخناسکەکان بکات."
"هەردوو وۆرکشۆپەکە پێکەوە پاکێجێکی ڕاهێنانی تەواوکاری پێکدەهێنن بۆ ئامادەکردنی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی بەکارخستن لە عێراقدا. ئەو لێهاتووییانەی لەم ڕاهێنانەدا گەشەیان پێدراوە، بەشێکی سەرەکیی "سیاسەتە چالاکەکانی بازاڕی کار"ن بەپێی پێوەرەکانیILO، کە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی خەڵک کار بدۆزنەوە و پلانی درێژخایەنیان هەبێت، و دڵنیایی دەدات کە لە کاتی گۆڕانکارییە ئابوورییەکاندا هیچ کەسێک فەرامۆش ناکرێت.
ئەم هەوڵانە تەواوکەری کارە بەردەوامەکانی ILOن لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هاوبەشە نیشتمانییەکان بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی بەکارخستن لەسەر بنەمای بەڵگە و داتاو بەهێزکردنی سیستەمی زانیاریی بازاڕی کارو بنیادنانی توانای دامەزراوەیی، کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی پەرەپێدانی کاری شایستە لە سەرانسەری عێراقدا.
ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە هاوبەشێتی "ئاسۆکان " (PROSPECTS) کە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، و هەروەها پڕۆژەی "برەودان بە بەکارخستن و توانای کارکردن لە نێو ئاوارە و پەنابەران و کۆمەڵگەی خانەخوێ، بە جەختکردنەوە لەسەر ژنان، کەسانی کەمئەندام و گەنجانی باکووری عێراق". ئەم پڕۆژەیە بە هاوبەشی لەگەڵ پڕۆژەی (EPSI)ی سەر بە ڕێکخراوی (GIZ) جێبەجێ دەکرێت، کە لەلایەن وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا (BMZ)وە پاڵپشتی دارایی بۆ دابینکراوە."